باسێك له‌سه‌ر سیاچه‌مانه - ارشاد قدسی
هه‌ورامان مه‌ڵبه‌ندێکی گه‌وره‌ی گۆرانییه و گۆرانییه‌کانیشی زۆر به‌ربڵاو و به‌هێزن .زمانی گۆرانییه‌کانی هه‌ورامان زمانێکی ئاساییه و له گه‌ڵ سرووشتی هه‌ورامان،داب و نه‌ریت و شێوازی ژیانی خه‌ڵکه‌که له هه‌موو بوارێک‌دا تێکه‌ڵه.
ههورامانییش به پێشینه‌یه‌کی حیماسی و عیرفانی و ساکاری عاتیفی دانیشتوانی و جوانی سرووشتی له رۆژگارانی کۆنه‌وه تا ئێستا هونه‌رمه‌ندانی زۆری له داوێنی خۆی په‌روه‌رده کردووه.گۆرانی هه‌ورامی جه‌ند شێوازێکی هه‌یه که سه‌ره‌کیترینی ئه‌م شێوازانه سیاچه‌مانه‌یه.سیاچه‌مانه لای خه‌ڵکی هه‌ورامان پله‌یه‌کی به‌رزی هه‌یه و به کۆنترین میراتی کولتووری خۆیان ده‌یناسێنن.
مۆسیقای هه‌ورامی که به‌شێکه له مۆسیقای کوردی قووڵاییه‌کی گه‌وره‌ی له مێژووی هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ماندا هه‌یه،به‌شێکی هه‌میشه زیندوو له ناسنامه‌ی هه‌ورامییه‌کان.ده‌توانین بڵین ئه‌م مۆسیقایه به‌شێکی زۆری سروودی میللی و مه‌زهه‌بی خه‌ڵکی هه‌ورامان له به‌ر ده‌گرێت.گرنگترین به‌ڵگه له باره‌ی مۆسیقای هه‌ورامانه‌وه که کتێبی "المعجم فی معاییر اشعارالعجم" ی "شمس قیس رازی" له سه‌ده‌ی7.ه ئه‌مه‌مان پێ ده‌سه‌لمێنێت و ده‌ڵێت که خۆشتری ئه‌وزان فه‌هله‌ویات(په‌هله‌ویات)ه که ئورامهنان دایانخوێندهوه،
سیاچه‌مانه نهێنی هه‌زار ساڵه‌ی خه‌م و ناخۆشیه‌کان و ناحه‌زیه‌کان و ره‌نجی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه تێدایه. سیاچه‌مانه ئاواز و گۆرانییه‌کی ڕه‌سه‌ن و مێژوویی ناوچه‌ی هه‌ورامانه که به ڕاستی هه‌ر وه‌کوو دیمه‌نی هه‌ورامان سێحراوی و دڵڕفێنه، ئێمه‌یش ده‌بێ وه‌کوو مێژوویه‌کی کۆن و باستانی که ریشه‌ی له کولتووری ئێمه‌دا چه‌قاندووه چاوی لێ بکه‌ین،مێژوو و شارستانییه‌تی چوار ههزارساله که هونه‌ری باستانی و پاراوی کوردی به خه‌ڵکی جیهان ناساندووه و بووه‌ته هۆی شانازی بۆ خه‌ڵکی هه‌موو کوردستان..........
سیاچه‌مانه باشترین پارێزه‌ری زاراوه‌ی ههورامییشه چوون ئه‌و شیعرانه‌ی که بۆ وتنی سیاچه‌مانه که‌ڵکیان لێ ده‌گیرێ یا هی شاعیره به ناوبانگهکانه که به هه‌ورامی شیعریان وتووه وه‌کوو مه‌وله‌وی،بێسارانی،صه‌یدی و... یان فۆلکلۆرن که سینه به سینه تا ئێستا هاتوون،ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه زۆربه‌ی وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی زاراوه‌ی هه‌ورامی بپارێزێ و هیچ ئاڵوو گۆڕێ تیایانا نه‌بینرێت که ئه‌مه گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه.
یه‌کێ تر له گرینگییه‌کانی سیاچه‌مانه ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی بێژه‌رانی سه‌وادێکی ئاکادمیکیان نه‌بووه یان زۆربایشیان بێ سه‌واد بوون.
له باره‌ی مێژووی سیاچه‌مانه‌وه بیر و ڕای زۆر هه‌یه بڕێکیان پێیان وایه که یه‌که‌مین سیاچه‌مانه بۆ زه‌رده‌شت خوێنراوهتهوه،بڕێکی تر پێیان وایه یه‌که‌مین سیاچه‌مانه بۆ پیرشالیاریان وتووه،بڕێکیش ده‌ڵێن:رۆژگارێک خۆسرهوپهرویز بۆ ڕاو دێت بۆ هه‌ورامان و کاتێ ئه‌و سرووشته جوان و دڵڕفێنه‌ی هه‌ورامان ده‌بینێ به مۆسیقا زانه‌که‌ی خۆی "باربد" ده‌ستووری داوه که ئاهه‌نگێ له وه‌سفی هه‌وراماندا بۆی ساز بکات ئه‌و ئاهه‌نگی هه‌ورامانی "باربد"ه هه‌ر ئه‌و سیاچه‌مانه‌یه که له ڕه‌وتی مێژوودا ئاڵووگۆڕی به سه‌ر هاتووه.
له باره‌ی مانای وشه‌ی سیاچهمانهیش چه‌ند بۆچوونێک هه‌یه:
یه‌که‌م: سیاچه‌مان به مانای چاوڕهشان،سێوه‌ری باخ و چیمانی دارستان
دووهه‌م:سه‌رچه‌مان به مانای سه‌رچاوان که سه‌رچاوه‌که‌ی ئاویش له به‌ر ده‌گرێ
سێهه‌م:سیاجامان به مانای کراس ڕه‌شان که مهباست مرۆڤه ئایینیه‌کانه یان مۆخه‌کان زه‌رده‌شت،ئه‌و مرۆڤه ئایینیانه جلووبه‌رگی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه که بریتییه له(چۆغه‌ی ڕه‌شی درێژ،شه‌رواڵی ڕه‌ش،مێزه‌ره‌ی ڕه‌ش و پشتوێنی سێگرێ) له کاتی له‌به‌ر کهردنیشیان چۆغهکهیان به سه‌ر شهرواڵهکاندا درێژ کردۆته‌وه و پێیان وتراوه (سیا جامگان-سیاجامانهڕهشپۆشاک) ئه‌م سیاجامانه له سه‌رده‌می زه‌رده‌شتدا وه‌ک ئه‌رکی دینی هه‌موو سرووده‌کانی"گاتا"کانیان له به‌ر بووه و به ئاوازه‌وه بۆ خه‌ڵکیان خوێندۆته‌وه،شێوازی خوێندنه‌که‌ش به جۆرێک له ئاواز و گۆرانی بووه که به ده‌نگێکی خۆش و هه‌ناسه‌یه‌کی درێژه‌وه خوێندوویانه‌ته‌وه.ئه‌م سیا جامگانه له شوێنی تایبه‌ت و پیرۆزدا سرووده‌کانی خوێندۆته‌وه و هه‌ورامییه‌کانیش له درێژایی مێژوودا ئه‌و سرووده پیرۆزانه‌یان له بیر نه‌بردۆته‌وه و پاشان بێژه‌ران و ده‌نگ خۆشان به پێوه‌ر و زه‌وق و بۆچوونی خۆیان شیعر و هۆنراوه‌کانیان جێ به جێ کردوونه‌ته‌وه و ئاڵووگۆڕی مۆسیقاییشیان له سه‌ر کردووه و به شێوه‌ی ئیمڕۆیی به ده‌سی ئێمه گه‌یشتووه. سیاچه‌مانه مۆسیقای تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌و مۆسیقایه له نێو گهڵووی یان حه‌نجه‌ره‌ی بێژه‌ر پێک دێت. سیاچه‌مانه ناوه‌رۆکی ئێجگار زۆری هه‌یه که تیشک ده‌خه‌ینه سه‌ر بڕێکیان(خۆشه‌ویستی،ژینگه پارێزی،زێد دۆستی،ئاوه‌دانکردنه‌وه،ژیانی مرۆڤ،په‌یوه‌ندی رۆحی و عاتیفی مرۆڤ،وه‌سفی دوو مه‌عشووق(وڵات،ژن)،وه‌سفی سرووشت،ڕه‌خنه گرتن له بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان،دووری،دڵنیایی و...).
له وتنی سیاچه‌مانه زۆرجار دوو گۆرانیبێژ به‌شداری ده‌که‌ن،یه‌کێکیان نیو دێڕی شیعرێک ئێژێت ئه و به‌رامبه‌ره‌که‌شی نیو دێڕه‌که‌ی تری بۆ ته‌واو ده‌کات یا خۆد هه‌ر یه‌کێکیان دێڕێکی ته‌واو ئێژن ئه‌مه‌ش به پێی(توانا،حه‌ز،سه‌لیقه)ی گۆرانیبێژه‌کان و ئیتر به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وامده‌بن هه‌تاکوو کۆتایی،شتێکی ئاشکرایه هه‌موو گۆرانیبێژێک ناتوانێت سیاچه‌مانه بێژێت و ته‌نیا ده‌نگخۆشی مه‌رج نییه بۆ وتنی سیاچه‌مانه به‌ڵکوو چه‌ند مه‌رجێک هه‌ن بۆ گۆرانیبێژ بۆ ئه‌وه‌ی بێت به سیاچه‌مانه بێژ.بڕێ له‌و مه‌رجانه ئه‌مانه‌ن:1.به‌زمه‌کانی سیاچه‌مانه بزانێت و بتوانێ له یاکتریان جیا بکاته‌وه 2.شاره‌زای شێوازی وتنی سیاچه‌مانه بێت 3.ته‌به‌قه‌ی ده‌نگی گونجاو بێت بۆ وتنی سیاچه‌مانه
هه‌ر له کۆنه‌وه تا ئێستا ژماره‌یه‌ک زۆر سیاچه‌مانه بێژی به سه‌لیقه و ده‌نگ خۆش له هه‌وراماندا هه‌ڵکه‌وتوون به‌ڵام زۆربه‌یان گومناو کراون چوونکه مێژووی ژیانیان نه‌نووسراوه‌ته‌وه و له سه‌رده‌می ژیانی ئه‌وانیشدا ئامێره‌کانی تۆمارکردن نه‌بوون. سیاچه‌مانه بێژه به‌ناو بانگه‌کان ژماره‌یه‌کی زۆریان کۆچی دواییان کردووه و ژماره‌یه‌کیشیان له ژیاندان و به‌رده‌وام له خزمه‌تی گۆرانی ههورامیدان
1.ئه‌وانه‌ی کۆچی دواییان کردووه:
• ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌ی داود ناسراو به (ئه‌حل نذهوسوودی)
• مامۆ جافر ناسراو به(جافه شێت)
• حه‌مه که‌ریم عه‌بدوڵلا قادر ناسراو به (حه‌مه که‌ریمۆ عهبوولهی)
• حسێن حه‌مه‌لاو ناسراو به (حسێنۆ لاوه‌ی)
• ئه‌حمه‌دی نازارێ
• قادر مۆراد ناسراو به (قاله موراد)
• مام هه‌یه‌ری نۆدشی ناسراو به (مامۆ هه‌یه‌ر)
• ماجنوون محه‌ممه‌د ناسراو به (مه‌جنون که‌یمنه‌یی)
• محه‌ممه‌د پیلوو
• عه‌بدوڵلا کافێ ناسراو به (عه‌وده کافیله)
• حه‌سه‌ن ڕه‌حمان ناسراو به (حه‌سه‌نی ڕه‌حمانه سیاو)
هه‌ر وه‌ها(مام قادری پاوه‌یی،فه‌ره‌ج حه‌مه‌مین ته‌وێڵه‌یی،عه‌بدوڵلا ساڵح ناسراو به عه‌به‌ی سه‌لاحه،یۆسۆلهی جانانه‌ی دزاوه‌ری،مامۆ ئه‌میری هاواری،مامۆ که‌ریمی دهرهتۆیی،ئه‌لیله‌ی نه‌وسوودی،حه‌مه جافری حه‌مه،حه‌مه‌ی ئهلیمحهممهد ته‌وێڵه‌یی،زۆراب محه‌ممه‌د که‌یمنه‌یی) ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ژماره‌ییه‌کی زۆریان به داخه‌وه هیچ شوێنه‌وارێکی گۆرانی‌یان وه‌کوو کاسێت له شوێن به جێ نه‌ماوه.
2.ئه‌و هۆنه‌رمه‌ندانه‌ی که ئێستاش له ژیاندان:
• حه‌یران خانم ناسراو به (واڵه حه‌یرانێ) خۆشکی مه‌جنوون و شه‌فێع کهیمنهییه
• عوسمان که‌یمنه‌یی
• حه‌مه حسێن که‌یمنه‌یی
• جه‌میل نه‌وسوودی
• ڕۆسته‌م که‌یمنه‌یی
• شه‌فێع که‌یمنه‌یی
• جه‌هانبه‌خش ناسراو به (به‌خشه)
• سه‌باح هه‌ورامی
هه‌ر وه‌ها (تۆفێق زاوه‌ری،عه‌لی حاجی خدر ته‌وێڵه‌یی،ئیسماعیل هانهگهرمڵهیی،سیروان حه‌مه‌حسێن که‌یمنه‌یی،سه‌عدی ئه‌حمه‌دی،فه‌رزاد ئه‌مینی،مه‌ولوود شۆشمهیی،عه‌تا زه‌ڵمی،عه‌لی خه‌رامان به‌ڵخه‌یی،حه‌مه خان به‌ڵخه‌یی،حاجی ڕه‌حمان ته‌وێڵه‌یی،یوونس میرزا،سیروان حاجی عارف،نزار سابیر،حه‌مه‌مینی خوایشتی،فه‌تحۆڵلا ئه‌مینی،جه‌لال هه‌رسینی و...)
سیاچه‌مانه گۆرانییه‌کی پیاوانه‌یه و دانه دانه ژنی سیاچه‌مانه بێژ به‌ر چاو ده‌که‌وێت که ئه‌مه بڕوای داتاشراو له ئایدئولوژیای زاڵ به کۆمه‌ڵ دا و لایه‌کی ته‌وه دوو قۆڵی ئایین نیشان ده‌دات.
له سه‌ر سیاچه‌مانه وتنی ژنان به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له بهرداست نییه و ته‌نیا به پێی ناوه‌رۆک روون ئه‌بێته‌وه که کام سیاچه‌مانه تایبه‌تی ژنانه.بڕێ له‌و سیاچه‌مانه ژنانه ئێستایش له بڕێ له شوێنه‌کانی هه‌وراماندا ماونه‌ته‌وه.به ڵام هۆی ئایین و بڕوای زاڵی کۆمه‌ڵ ئه‌و توانایه له ژن سنراوه‌ته‌وه که سیاچه‌مانه خۆیان به باشی بێننه ئاراوه.له هه‌وه‌ڵی سه‌ده‌ی 7زایینی ده دوای ڕووخانی ساسانیه‌کان و زاڵ بوونی ئیسلام له سه‌ر هه‌ورامان دا گۆرانی وتنی ژن به هۆی ڕاکێشانی سه‌رنجی ده‌سته‌ی پیاوه‌وه حه‌رام ده‌کرێت و ژن وه‌کوو سیاچه‌مانه بێژی ئه‌وتۆ ڕۆڵی نابێ.ئایدئولوژیای زاڵ به سه‌ر کۆمه‌ڵ ده گۆرانی وتنی ژن به عه‌یب ده‌زانێ. سیاچه‌مانه پیاوان پله‌یه‌کی زۆر به‌رزی هه‌یه به هۆی ئایین و بڕوای ناو کۆماڵ مافی زۆرتریشی پێدراوه.
سیاچه‌مانه ژنان به ئاهه‌نگی درامی له چاره‌نووسی تاڵی ژن ده‌دوێن وه‌کوو به‌یتی خواره‌وه که باسی ژن به ژن کردن ده‌کات و بێ ده‌سه‌ڵاتی ژن نیشان ده‌دات
فره فراوان ژه‌ن به ژه‌ن که‌ردێ
کناچێ ڕوومه‌ت سووچیهو هه‌ڕ به‌ردێ
ناوه‌رۆکی سیاچه‌مانه‌ی ژنان (دووری له ماڵه باوان،بێ ده‌سه‌ڵاتی،کوژانه‌وه‌ی گڕی خۆشه‌ویستی،دووری ،سکاڵا،تووڕه‌یی،بێزاری له نه‌ریتی ناحه‌زی کۆمه‌ڵ) ئه‌م ناوه‌رۆکانه ئه‌مه به ئێمه ده‌سه‌لمێنێ که ژن که‌متر له پیاو ده‌توانێ ناوه‌رۆکی ئه‌وینداری بێژێت به هۆی عه‌یب بوون و بڕوای زاڵی کۆمه‌ڵ
نموونه‌یه‌ک له سیاچه‌مانه:
با ژه‌ره‌ژ وانۆ جه پاینۆ دۆڵا
داخی داخانم هه‌ورامان چۆڵا
کۆگاو خهمهکام هۆرگیروو به کۆڵ
به‌رووش هه‌وارگه‌ی هه‌ورامانی چۆڵ
ئینهنه مه‌حشه‌ر ئینهنه کزۆڵی
یاران کێ دیه‌ن به‌هه‌شت به چۆڵی
واتا: با که‌و بخوێنێ له پای دۆڵانا داخی داخانم هه‌ورامان چۆڵ بووه.کۆگای خه‌مه‌کانم به کۆڵ هه‌ڵده‌گرم ده‌یانبه‌م به‌ره‌و هه‌ورامانی چۆڵ،ئه‌مه‌یه مه‌حشه‌ر ئه‌مه‌یه کزۆڵی یاران که به‌هه‌شتی به چۆڵی دیوه.
سه‌رچاوه‌کان:
• هه‌ورامان،لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژووی-کولتووریه-نووسینی ئه‌یوب رۆسته‌م-چاپی یه‌که‌م زستانی 2004
• ئاهوورامان-جه‌لیل عه‌باسی چاپی یه‌که‌م 2008
• وه‌رزنامه‌ی فه‌رهه‌نگی،ئه‌ده‌بی،کۆمه‌ڵایه‌تی،سیاسی خوێندکارانی زانستگای کوردستان ساڵی دووهه‌م به‌هاری 2706ی کوردی
• سیاچه‌مانه هه‌ورامی-سیرووس عه‌زیزی
• روزنامه مستقل سرسری صبح ایران 10/7/85
• وارثان کهنترین نغمه ها-علی اکبری